شێواز و میکانیزمەکانی بەرگری دەروونی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-06:20:00 - کۆدی بابەت: 4483
شێواز و میکانیزمەکانی بەرگری دەروونی
دەروونناسی

١- جەختکردن لەسەر کێشەکە: کاتێک مرۆڤ دووچاری پاڵەپەستۆی دەروونی دەبێتەوە پەنا دەباتە بە دۆزینەوەی شێوازی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

ناوه‌ڕۆك

شێواز و میکانیزمەکانی بەرگری دەروونی چین؟

کاتێک مرۆڤ دووچاری کێشە دەروونیەکان دەبێتەوە پەنا دەباتە بەر میکانیزمی جیاجیا بۆ کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی دەروونی و بەدەست هێنانی تەندروستی دەروونی، دوو شێوازی بەرگری دەروونی هەیە:

یەکەمیان/ شێوازە هەستیەکان

دووەمیان/ شێوازە نەستیەکان

شێوازە هەستیەکان

١- جەختکردن لەسەر کێشەکە: کاتێک مرۆڤ دووچاری پاڵەپەستۆی دەروونی دەبێتەوە پەنا دەباتە بە دۆزینەوەی شێوازی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، واتە بەرەنگاربوونەوەی کێشەکە بۆ نمونە ئەو قوتابیەی چاوەڕوانی تاقیکردنەوە دەکات هەوڵی خوێندنی باشی دەدات بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

٢- دوورەپەرێزی: وا ڕێک دەکەوێت مرۆڤ ناتوانێت بەرەنگاری کێشەکە ببێتەوە، بەتایبەتی کاتێک هەست دەکات قەبارەی کێشەکە لە خۆی گەورەترە و ناتوانێت مامەڵە لەگەڵیدا بکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، خۆی لە کێشەکە دوورەپەرێز دەگرێت، بە ئومێدی ئەوەی کێشەکە لە خۆیەوە چارەسەر ببێت، ئەم شێوازە لە مامەڵەکردنە بە شێوازی نێگەتیڤ دەژمێردرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

٣- کۆنترۆڵکردنی خود: کاتێک مرۆڤ دووچاری کێشەیەکی دەروونی دەبێتەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خودی خۆی دەدات لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی هەڵچوونەکانی.

٤- شەڕانگێزی: شەڕانگێزی وەڵامدانەوەیەکی باوە بۆ پاڵەپەستۆ دەروونیەکان، واتە کاتێک مرۆڤ دووچاری پاڵەپەستۆیەک یان کێشەیەک دەبێتەوە پەنا دەباتە بەر شەڕانگێزی، وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی، بۆ نمونە کاتێک ناخۆشییەک ڕوودەدات لەنێوان دوو کەس ئەگەر هەردوو لا نەگەیشتن بە ئەنجام ئەوا ناخۆشیەکە پەرەدەسەنێت و تووشی شەڕ دەبن، مەرج نییە شەڕانگێزی بە ئازاری جەستەیی ببێت، بەڵکو لایەنی دەروونی دەگرێتەوە وەک سوکایەتی پێکردن.

٥- خەیاڵ: واتە پەنا بردنی کەسەکە بۆ زیندە خەو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، بۆ نمونە کەسێک توانای نەبێت بچێت بۆ شوێنێک پەنا دەباتە بەر خەیاڵ بۆ ئەوەی خۆی لە شوێنەکە بدۆزێتەوە.

٦- بێ باکی: مرۆڤ دەگاتە ئەم حاڵەتە، کاتێک هەست دەکات چیتر ناتوانێت بەرەنگاری کێشەکەی ببێتەوە بۆ نمونە ئەو قوتابیەی چەند جار لە تاقیکردنەوە دەرناچێت، یان ئەو زیندانییەی ٢٠ ساڵ حوکم دەکرێت.

شێوازە نەستییەکان

شێوازە نەستیەکان ئەو شێوازە دەگرێتەوە کە مرۆڤ بەرگرییە نەستەکانی بەکاردەهێنێت بۆ دەرچوون لە حاڵەتی ناسەقامگیریەکەی، شێوازەکان بریتین لە:

١- کپ کردن: ئەم شێوازە لە گرنگترین شێوازە نەستیەکانە، بریتیە لە هەوڵی کەسەکە بۆ لەبیرچوونەوەی کێشەکان و ئەو پاڵەپەستۆیانەی دەبنە مایەی ئازار بۆ کەسەکە.

٢- پاساو هێنانەوە: واتە شیکردنەوەی شکستەکانی بە هۆکاری لۆژیکی و ئەقڵی، دۆزینەوەی پاساو بە جۆرێک وای دەخاتە ڕوو کەوا هۆکاری زۆر هەبووە بۆ ئەم شکستە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارە سەرەکیەکە خۆی بووە، ئامانج لە پاساو هێنانەوە دوو شتە یەکەمیان قەناعەت پێکردنی خۆی و قەناعەت پێهێنانی کەسانی دەوروبەر.

٣- گۆڕین: واتە هەوڵدانی کەسەکە بۆ دۆزینەوە کەسێکی تر یان بابەتێکی تر بۆ تێرکردنی ئامانجەکانی یان ڕژاندنی ڕق و کینەکان، ئەو کەسە یان ئەو شتەیە دەبێتە قوربانی ڕق و کینەکان، بۆ نمونە ئەو منداڵەی لەلایەن دایک و باوکی ئازار دەدرێت ناتوانێت بەرەنگاری دایک و باوکی ببێتەوە پەنا دەباتە بەر ئازاردانی برا بچوکەکەی.

٤- خستنە پاڵ: واتە هەوڵدان بۆ خستنە پاڵی ڕەفتارێکی ناشرین کە لە خودی کەسەکەدایە بۆ کەسانی تر، بۆ نمونە کاتێک کەسێک خەڵک تاوانبار دەکات بە لوتبەرزی و بێ متمانەیی و بێ باکی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم سیفەتانە لە خوسی کەسەکەدا هەیە؟

٥- گەڕانەوە: واتە کەسەکە هەوڵی گەڕانەوە دەدات لە ڕەفتارەکانی بۆ تەمەنی بچوکتر لە تەمەنی خۆی بۆ نمونە ئەو بۆڵەبۆڵەی کەسەکان دەیکەن لە کاتی گفتوگۆ یان کاتی بوونی کێشە.

٦- بەرزکردنەوە: واتە بەرزکردنەوەی ڕەفتارە قبوڵ نەکراوەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەفتارێکی قبوڵکراو، بۆ نمونە پاڵنەرە سێکسیەکان و شەڕانگێزیە قبوڵنەکراوەکان لای کۆمەڵ، مرۆڤ هەوڵ دەدات لەڕێی هونەر یان لەڕێی وێنە کێشان یان وەرزش دەریببڕێت.


سەرچاوەکان



2013 بینین